نوێترین ئاگاداری بۆ جاری یه‌كه‌م ئاگاداری هاووڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ لیژنه‌ی فرۆشتن و به‌كرێدان هه‌ڵده‌ستێت به‌ به‌ كرێدانی (حانوتی به‌شی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی) به‌ زیادكردنی ئاشكرا بۆ ماوه‌ی یه‌ك سال له‌ (2018) داواكارین له‌ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك كه‌ ئاره‌زووی به‌ كرێگرتنی هه‌یه‌ با ئاماده‌بێت له‌ ماوه‌ی (30) ڕۆژ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگادارییه‌ كاتژمێر (10) ی سه‌ر له‌ به‌یانی له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی ئاماده‌بن ، باجی ده‌رامه‌ت و بارمته‌ی یاسایی و ناسنامه‌ی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ خۆی دا بهینێت و كرێی ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگادارییه‌ ئه‌كه‌ویته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زیادكردنه‌كه‌ی بۆ ده‌رئه‌چێت.‌


بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

زانكۆ و په‌یمانگاكان

مێژوی خوێندنی باڵا لە كوردستان

كاروانی زانست و خوێندنی باڵا لە كوردستان بەدامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی (١٩٦٨) دەستی پێكردوە، بەرلە دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی، گەنجانی كورد بۆ خوێندن دەچوونە بەغداد و وڵاتانی  دەوروبەری عیراق، بەكردنەوەی زانكۆی سلێمانی ژمارەی فێرخوازانی خوێندنی باڵا لە شارەكانی كوردستان ڕووی لە زیادبوون كرد، زانكۆی  سلێمانی بووە ناوەندێكی گرنگ بۆ كۆكردنەوەی ڕۆشنبیرانی كورد، بۆیە كاریگەری زۆری كردە سەر جۆشدانی بزاڤی سیاسی و شۆڕشی كورد لەو قۆناغەی مێژوودا، هەر بۆیە كاتێك ڕژێمی بەعس-ی لەناوچوو  ، لەهەنگاوی یەكەمدا لە ساڵی (1972) بڕیاری گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی لە پارێزگای سلێمانیەوە بۆ پارێزگای هەولێردا، بەڵام سەركردەكانی ئەوكاتی شۆڕشی كوردی لە ساڵی (1974) رێك كەوتن كە زانكۆ  بگوازنەوە  بۆ  قەڵادزێ‌، دواتر ڕژێمی شاری قەڵادزێی‌ بومب باران كرد و، نزیكەی (124) كەس  شەهید بون، بەشێكی دیكەی زانكۆكەش لە شاری سلێمانی مابوو،  دواتر لە ساڵی (1981) بەتەواوی زانكۆی سلێمانی گواستەوە  هەولێر و، ناوەكەشی لە زانكۆی سلێمانیەوە گۆڕی بە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر، ئەوكاتەش كە ئەو زانكۆیە گوێزرایەوە باڵەخانەی نەبوو، ژمارەی كۆلیژەكان زۆر نەبوون،  تا ڕاپەڕینی ساڵی (1991) خوێندنی باڵا لە كوردستان دەتوانین بڵێین تەنها بریتی بوو لە  زانكۆی سەڵاحەددین، كاتێكیش كە ڕاپەڕینی  ساڵی (1991) ڕوویدا، حكومەتی بەعسی ئیدارەی كێشایەوە، زۆربەی مامۆستاكانی زانكۆكەش، كە بەشێكی زۆریان لە مامۆستایانی عەرەب بوون بەرەو زانكۆكانی خوارو ناوەڕاستی عیراق ڕاژەكەیان گواستەوە، ئەوەش فشارێكی زۆری خستە سەر پێشخستنی بواری خوێندنی باڵا لە كوردستان، هاوكات بڕیاری سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری فشارێكی دیكەی گەورەو زۆری خستە سەر زانكۆ، زۆرێك لە مامۆستاكان زیاتر لە چەند باەتێكیان دەوتەوە.

لە ‌دوای ڕاپەرینی ساڵی (1991) تەنها یەك زانكۆ و سێ پەیمانگە لە كوردستان هەبون، بەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری ئەوكات دەبینین دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا ڕوبەڕوی چەند گیروگرفتێكی گەورە بونەتەوە، وەك: كۆچكردنی مامۆستایان، ئابلۆقەی ئەكادیمی، باری ئابوری سەخت.

 قۆناغی دوەمی خوێندنی باڵا لە كوردستان

پاڕلەمانی كوردستان لە ساڵی (1993) بڕیاری كردنەوەی (2) زانكۆی تر لە كوردستان پەسند كرد‌، ئەوانیش زانكۆی سلێمانی و زانكۆی دهۆك بون، هەروەك یاسای خوێندنی باڵا و لێكۆڵینەوەی زانستی دەركرد، كە كاروباری زانستی و كارگێری دامەزراوەكانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێ ڕێكخرا، بە شیوەیەك ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەكرا، یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (1993)، كاری سەرەكی بریتی بو لە داڕشتنی سیاسەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كوردستان، هەروەك دەسەڵاتی پەسەندكردنی پلانەكانی توێژینەوەی زانستی كۆلێژەكان و سێنتەرەكانی بە ئەنجومەنی زانكۆكان دابوو، ئەم یاسایە زیاتر لە (10) ساڵ جێبەجێكرا، لەو ماوەیەدا خویندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی چەندایەتی و چۆنایەتی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لە هەمانكاتدا بەشێك لە مامۆستا دڵسۆزەكانی ئەوكات لە دەرەوەی هەرێم گەڕانەوە كوردستان و، شانبەشانی مامۆستایانی‌ خۆڕاگر‌ كاریان بۆ بەردەوامی كارەكانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد.
لە ساڵی (2004) پاڕلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (33)ی ساڵی (2004) یاسای وەزارەتی فێركردنی باڵا و لێكۆڵینەوەی زانستی پەسند كرد.

لە هەڵبژاردنی ساڵی (2005) پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2006) وەزارەتێك بە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دامەزرا، دامەزراندنی ئەو وەزارەتە بوە  خاڵێكی وەرچەرخان لە ڕێرەوی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كورستان، ئەم وەزارەتە ئەركێكی پیرۆز و قورس و گرانی كەوتە ئەستۆ، كە  بریتی بو لە یەكخستنەوەی تەواوی ڕێنماییە زانستی و كارگیڕی و داراییەكان .

دوابەدوای دامەزراندنی ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2008) لە پەرلەمانی كوردستان بەیاسایەك، كە بە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی (2008) ناسرا، ئەركەكان و دەسەڵاتەكان و پێكهاتە و میكانیزمی چۆنیەتی دەرچونی بڕیار و ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كوردستان دەستنیشان كرا، ئەو یاسایە جگە لە دەسكەوتە یاساییەكەی بۆ بواری خوێندنی باڵا، لەهەمان كاتدا دامەزراندنی چەند دامەزراوەیەكی دیكەی زانستی و ئەكادیمی بەدوای خۆیدا هێنا، وەك: دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكان، لەهەمان كاتدا لە ناو دیوانی وەزارەتیش لەبەر ڕۆشنایی ئەو یاسایەدا چەند فەرمانگەیەكی دیكە دامەزرا وەك فەرمانگەی گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، فەرمانگەی پشكنین و دڵنیایی جۆری، فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان‌، جگه لەوانەش‌ پێگەی ڕاوێژی زانستی بەبونی ڕاوێژكارانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خوێندنی تەكنیكی و كاروباری پزیشكی فراوانتر كرد .


لە ڕوی چەندایەتیەوە ژمارەی زانكۆكان لە سێ زانكۆ( سەڵاحەددین، سلێمانی، دهۆك)ەوە بۆ حەوت زانكۆ (كۆیە، هەولێری پزیشكی، سۆران، كوردستان) زیادی كرد، ئەوە جگە لە دو دەستەی خوێندنی تەكنیكی لە هەولێر و سلێمانی و كردنەوەی چەند سێنتەرێكی توێژینەوەی زانستی لە (هەولێر، سلێمانی ، هەولێری پزیشكی، دهۆك)، هەروەك  چەند زانكۆ و كۆلێژێكی ئەهلی كرانەوە، وەك: (زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی، زانكۆی جیهان لە هەولێر، زانكۆی نەورۆز لە دهۆك، زانكۆی ئیشق لە هەولێر، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی" قەرەداغ"، زانكۆی لوبنانی فەرەنسی لە هەولێر، زانكۆی سابێس لە هەولێر، زانكۆی هەولێر بۆ زانستی تەكنەلۆژیا، لقی زانكۆی دجلە لە هەولێر ، زانكۆیەك بەناوی "شاهانەی بەریتانی"، جگە لەوانەش بەشەكانی خوێندنی ئێواران لە زانكۆكانی (سلێمانی ، سەڵاحەددین، دهۆك) بەردەوام بون، هەروەها پرۆسەی خوێندنی باڵا " دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا" لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بو.

لە ڕوی چەندایەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەخوێندنی تەكنیكی لە روی ئەكادیمی و كارگێری چوەو و سێ زانكۆی بەناوی زانكۆی پۆلیتەكنیك لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) كردەوە، هاوكات  زانكۆكانی (گەرمیان، ڕاپەرین، هەڵەبجە، زاخۆ) وەك پێویستیەكی نیشتمانی لەو ناوچانەی قوربانی زۆریان بۆ خەباتی نیشتمانی گەلەكەمان داوە  كردەوە.

پەسندكردنی پڕۆژەی یاسای خوێندنی تایبەت لە پەرلەمانی كوردستان، كە بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای زانكۆ  تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان و، بەهۆیەوە زانكۆ  تایبەتەكان لەبەر ڕۆشنایی ماددەو بڕگەكانی ئەو یاسایە ڕێكخرانەوە، لەهەمان كاتدا ئەو یاسایە بوە چەترێك بۆ پیدانی مۆڵەت بۆ كردنەوەی زانكۆی تایبەتی دیكە لە هەرێمی كوردستان. 


لە ئێستادا  ژمارەی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان  گەیشتووەتە (15) زانكۆی حكومی و، دوو دەستەو ئەنجومەنێك و، (15) زانكۆ و  لقی زانكۆی تایبەت، لەگەڵ ((9 پەیمانگەی تایبەت.
لەو ژمارەیە لە زانكۆ حكومییەكان 6 زانكۆیان لە سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانین  لەگەڵ 5 زانكۆی تایبەت و 2 پەیمانگای تایبەت.
بەم شێوەیەش سلێمانی لە یەك زانكۆوە كە دواتر گوازرایەوە ئێستا خاوەنی 11 زانكۆییە كە گەورەترینیان زانكۆی سلێمانییە.
 

<p><img src="../storeImages/1516313971-MHE_logo_text_kurdish2.png"></p>